نووسینی: حسام یوسفی
فیلمی بەڵگەیی «تەرانە» پۆرترێتێکی دۆستانە و کاریگەرە کە لە هەمان کاتدا خاوەنی خاڵە کوێرە مێژوویی، چینایەتی و ناوەندگرایانەیە. فیلمی بەڵگەیی «تەرانە» لە دەرهێنانی پەگاه ئاهەنگەرانی کە لەم ڕۆژانەی دواییدا لە کەناڵی بی بی سی فارسی بڵاوکرایەوە، شەپۆلێکی بەرفراوان لە هەست و کاردانەوەی کۆمەڵگەی ئێرانی لێکەوتەوە. ئەم فیلمە لە ماوەیەکی کورتدا بە خێرایی بینرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فارسی و نافارسییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ئەگەر واز لە وردی ئامارەکانی بینین، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەم فیلمە تەنیا مەسرەف نەکراوە، بەڵکوو بووەتە «ڕووداوێکی میدیایی»؛ ڕووداوێک کە هەست، سیاسەت و وێناکردن (بازنمایی) پێکەوە گرێ دەدات.
لە دۆخێکی وەهادا، ڕەخنەگرتن لەم فیلمی بەڵگەیە نە بۆ ڕەتکردنەوەی، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لە پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و میدیاییەکەی پێویستە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم پۆرترێتە چی دەخاتە ڕوو و چ شتگەلێک بە نەگوتراوی دەهێڵێتەوە؟

نوسەر: حسام یوسفی
«تەرانە» فیلمێکی بەڵگەیی تەلەڤزیۆنی سادە و گفتوگۆییە کە لە پێکهاتەی ئاڵۆز دوور دەکەوێتەوە. فیلمەکە تەرانە عەلیدۆستی زیاتر لە ڕێگەی گفتوگۆوە پۆرترێت دەکات و سوود لە ئەرشیفە جۆراوجۆرەکان وەک ئەرشیفی تاکە کەسی، ئەرشیفی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و سینەمای ئێران، وێنە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان و ئەرشیفی هاووڵاتی-پەیامنێر وەردەگرێت. بەڵام ئەم ئەرشیفانە لە جیاتی ئەوەی گرژی یان فرەچینی دروست بکەن، زیاتر ڕۆڵی پشتڕاستکردنەوە و بەهێزکردنی گێڕانەوەکە دەگێڕن. لە ڕوانگەی تیۆرییەوە ئێمە لەگەڵ جۆرێک لە «پۆرترێتی هاوسۆزانە» بەرەوڕووین؛ پۆرترێتێک کە کەمتر خولیای مەوداگرتنی ڕەخنەگرانەیە و زیاتر پشت بە پەیوەندی سۆزداری نێوان سوژە و بینەر دەبەستێت. ئەم هەڵبژاردنە فیلمەکە ڕەوان و کاریگەر دەکات بەڵام هاوکات ڕێگری لێ دەکات ببێتە فیلمێکی بەڵگەیی پرسیارکەر و شیکاریی. فیلمەکە هەر لە سەرەتاوە بینەر دەخاتە ناو دۆخێکی ئێحساسی و هاوسۆزییەوە. ڕاوی کەسی یەکەم، ڕیتمی ڕەوانی مۆنتاژ و بەکارهێنانی ئامانجدارانەی وێنە ئەرشیفییەکان، جۆرێک لە «ئابووریی هەست» دروست دەکات کە تێیدا ئازار، ئازایەتی و باجدانی سوژە و ئەو بابەتەی سوژە پێوەی سەرقاڵە زەق دەکرێتەوە. ئەم شێوازە، بەتایبەت لە پۆرترێتی کەسایەتییە ناودارەکاندا (سێلێبریتیدا)، کارکردێکی ناسراوی هەیە کە بینەر پێش ئەوەی بچێتە ئاستی شیکاری، دەچێتە ئاستی هاوخەمی و هاوژانی (همذاتپنداری). کێشەکە ئەوە نییە کە ئەم هاوسۆزییە «هەڵەیە»؛ کێشەکە ئەوەیە کە هاوسۆزی ئەگەر تەنها ئاسۆی فیلمەکە بێت، دەتوانێت جێگا بۆ پرسیارکردن تەنگ بکاتەوە. پرسیار لە پێکهاتە، لە مێژوو و لە پێگەی کۆمەڵایەتی سوژە بە تەواوەتی پەراوێز دەخرێت.
فێمینیزمی ڕەوایەت کراوی تاکەکەسی
لە ئاستی ناوەڕۆکدا، فیلمەکە دەچێتە سەر ئەزموونە ژیاوەکانی تەرانە عەلیدۆستی و ئاماژە بە خاڵگەلێکی وەک هاوبەش بوون لەگەڵ بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، چۆنیەتی دروستبوونی بزووتنەوەکە، کوشتنی ژینا ئەمینی، دەستبەسەرکردنەکەی، ڕەخنە لە سینەما و سیاسەتی باڵادەست، نەخۆشی و لە کۆتاییدا باس لە تێڕوانینی تاکەکەسی ئەو بۆ فێمینیزم و ناساندنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وەک بزووتنەوەیەکی فێمینیستی دەکات. لێرەدا لە زمانی تەرانە عەلیدۆستییەوە لەگەڵ جۆرێک لە «فێمینیزمی ڕەوایەت کراوی تاکەکەسی» ڕووبەڕووین. ئێمە لەگەڵ فێمینیزمێک لە ڕێگەی ئەزموونی تاکەکەسییەوە بەرەوڕووین و ئەم فێمینیزمە لە ناو جەرگەی ڕێکخراوەیی بەکۆمەڵ یان شیکردنەوەی پێکهاتە مادییەکانی چەوسانەوە نەگێڕدراوەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە هەم هێزی تێدایە چونکە مرۆیی و ئیحساسیە، هەمیش سنووردار و کەموکوڕە، چونکە مەترسی کورتکردنەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئەزموونی تاکەکەسی تێدایە.
دەستبەسەرکردنی تەرانە عەلیدۆستی دوای ڕاگەیاندنی پەیوەستبوونی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، یەکێک لە ساتە سیمبولییەکانی ئەو قۆناغە بوو. فیلمەکەش بە دروستی جەخت لەسەر ئەم ساتە و ئەو باجە دەکاتەوە کە ئەو دای. بەڵام سیاسەت تەنها لە ساتێکدا نابینرێت. سیاسەت خاوەنی یادەوەرییە. خاوەنی مێژووە. گۆڕینی هەڵوێست، هەرچەندە پڕبایەخ بێت، تەنها کاتێک تێگەیشتنی بۆ دەکرێت کە لە ناو جەرگەی مێژووەکەیدا شیکاری بۆ بکرێت. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی کولتوورەوە، بێدەنگی یان هاوبەش بوونی پێشووی بەشێک لە هونەرمەندان دەبێ وەک بەرهەمی «مەیدان» تێبگەین، نەک تەنها وەک هەڵبژاردەیەکی تاکەکەسی. مەیدانی کولتووری لە ئێراندا ساڵانێکی زۆر لە چوارچێوەی چاکسازی و هیوا بە گۆڕانکاری پلەبەندیدا کاری کردووە. ئەم چوارچێوەیە، جۆرێک لە سیاسەتی کەمینەی (مینیمالی) بەرهەم هێنا. ئەم سیاسیبوونە کەمینەیە تەنها لە قاڵبی ڕەخنەی ڕێگەپێدراو، ناڕەزایەتی کۆنترۆڵکراو و پەسەندکردنی مانەوە بەسەر ڕووبەڕووبوونەوەدا شکڵی گرتبوو. لەم لۆژیکەدا، سەرکوتی پێکهاتەیی لە کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنەوە بگرە تا سەرکوتی کرێکاران، خوێندکاران و نەتەوە ژێردەستەکان، زۆر جار پەراوێز خرا. بێدەنگی، نەک لەبەر بێ ئاگایی، بەڵکوو وەک بەشێک لە میکانیزمی بەردەوامیی ژیانی کولتووری کاری دەکرد. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ئەم لۆژیکەی تێکدا؛ ساتێک کە ئیتر «بێلایەنی» یان «چاوەڕوانی» مەحاڵ بوو. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دابڕانێکی فیکری و سیاسی بوو. دابڕانێک کە سیاسەتی لە چاکسازیخوازی و سندوقی دەنگدان و هیوا بە چاکسازی (کە تەیفێکی بەرفراوان دڵیان پێ بەستبوو) دەرهێنا و گەڕاندیەوە بۆ سەر جەستە، شەقام و ژیانی ڕۆژانە. ئەو ژنانەی ساڵانێکی زۆر ژیان و ئازادییان ئەزموون نەکردبوو، بەم بزووتنەوەیە نەک هەر ناڕەزایەتی، بەڵکوو پێناسەکردنەوەی خۆیان دەستپێکرد. لەم بوارەدا، پەیوەستبوونی کەسایەتییەکی وەک تەرانە عەلیدۆستی بە بزووتنەوەکە، تەنها جوڵەیەکی سیمبولی نەبوو. ئەم پەیوەستبوونە، شۆکێکی ئەرێنی بە کۆمەڵگە و بەتایبەت بە ژنان گەیاند. لە ڕاستیدا کاتێک سێلێبریتیکی ژن، سەرمایە سیمبولییەکەی خۆی بۆ شکاندنی نۆرمەکان بەکاردەهێنێت، گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە سنوورەکانی «مومکین» بوون دەبەزێنێت. ئەم شۆکە، هەرچەندە جێگرەوەی چالاکیی بەکۆمەڵ نییە، بەڵام دەتوانێت ئاسۆکەی فراوانتر بکات.
ڕەخنەی چینایەتی، ناوەند و پەراوێز
تەرانە عەلیدۆستی نوێنەری ژنی چینی دەوڵەمەند و کولتووریی شارنشینە. ئەم پێگەیە، دەرفەتی دەنگ، وێنە و وێناکردنی (بازنمایی) پێ دەبەخشێت. کێشەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە ئەم ئەزموونە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەسەر «ئەزموونی ژن» دا گشتگیر بکرێتەوە. ئەو فێمینیزمەی لە ناو چینی دەوڵەمەندەوە دەگێڕدرێتەوە، مەرج نییە دەستی بە ئەزموونی ژنی کرێکار، ژنی پەراوێزخراو یان ژنی ژێردەست بگات. بۆ ئەم ژنانە، چەوسانەوەی جێندەری لەگەڵ چەوسانەوەی چینایەتیدا تێکەڵ بووە. ئەم تێ هەڵکێشانە کە لە تیۆری فێمینیستیدا وەک «یەکبڕینی-چەوسانەوەکان» ناوی دەبرێت، لە دیکۆمێنتارییەکەدا کاڵە.
لە هەمان کاتدا بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و دیکۆمێنتارییەکەش ئاماژە بەم ڕاستییە دەکات. بەڵام ئاماژەکردن، جێگەی بیستن ناگرێتەوە. لە بەشێکی فیلمەکەدا، ژنانی کورد بە زمانی خۆیان دەدوێن، بەڵام ئەم وتانە وەرناگێڕدرێن. ئەم سڕینەوە زمانەوانییە، تەنها کەمکوڕییەکی تەکنیکی نییە؛ بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندی «ناوەند و پەراوێز»ە. لە تیۆرییە پاش-کۆلۆنیاڵییەکاندا، یەکێک لە نیشانەکانی پەراوێزخستن ڕێک هەر ئەمەیە. پەراوێز دەبینرێت، بەڵام بە زمانی خۆی نادوێت. وێنەکەی بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەنگی نا. دیکۆمێنتارییەکە، بەبێ ویستی خۆی، دەکەوێتە ئەم تەڵەیەوە.
لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێت خاڵی بەهێزی سەرەکی فیلمی «تەرانە» ڕاستگۆیی سوژەکەیە. تەرانە عەلیدۆستی بەبێ پەردە لەسەر ژیان، نەخۆشی، دەستبەسەرکردن و هەڵوێستە سیاسییەکانی دەدوێت. ئەم ڕاستگۆییە، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکدا کە لەسەر بنەمای ترس و سڕینەوە بونیاد نراوە، بەنرخە. پەیوەستبوون بە بزووتنەوە جەماوەرییەکان، خۆی کارێکی ئەرێنی و پێویستە و لەم مانایەدا، ئامادەیی تەرانە عەلیدۆستی دەتوانێت سەرەتا بێت نەک کۆتایی. پەیوەستبوونێک کە شۆکێکی ئەرێنی بۆ ژنان و کۆمەڵگە دروست کرد و نیشانی دا کە شکاندنی نۆرمەکان، تەنانەت لە ناو جەرگەی مەیدانی کولتووری فەرمیشەوە گونجاوە. بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت ڕەخنە فەرامۆش بکەین. ڕەخنە دەبێ وەبیربهێنێتەوە کە فیلمی بەڵگەیی «تەرانە» بە هەموو کاریگەرییەکانیەوە، خاوەنی خاڵە کوێرەکانە کە مێژوویی، چینایەتی و ناوەندگەرایانەیە. بینینی ئەم خاڵە کوێرانە نە ڕەتکردنەوەی فیلمەکەیە و نە ڕەتکردنەوەی کارەکە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ قووڵکردنەوەی ئەو گفتوگۆیەی کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێکردووە.











