کۆلێکتیوی “ڕێدکات” لە سینەماکارانی سەربەخۆ پێکهاتوە کە بە پشتبەستن بە ئەزموون و زانیاری کۆمەڵایەتی هەنگاو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان سینەماکارانی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێت. کۆلێکتیوی “ڕێدکات” هیواخوازە بە بەزاندنی سنوورەکان و دروستکردنی هەڵێک بۆ یەکگرتنی سینەماکارانی سەربەخۆ، بەتایبەتی سینەماکارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تاقیکردنەوەی فۆرمی نوێ و داهێنەرانە، بتوانێت لە هەڵسوکەستی سەرمایەداریانەی ناو سینەما و بەتایبەتی شێوازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن ڕزگاری بێت.
سانسۆر و سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی سینەماکاران، چ لەلایەن حکومەتە تۆتالیتارییەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لەژێر ڕکێفی بارودۆخی کاڵاسازییە جیهانییەکاندا، ئاسۆی سینەمای سەربەخۆی ڵێل کردووە. “ڕێدکات” نا دەڵێت بە کۆنترۆڵکردنی سیستماتیک، شێوازی جۆراوجۆری سانسۆر و خۆسانسۆری و هەوڵدەدات ببێتە شوێنێک بۆ دەربڕینی ئازادی بیرۆکەی سینەماکارانی سەربەخۆ. ڕێگای ئەڵتەرناتیوی “ڕێدکات” بە خوێندنەوە و ناسینی “سینەمای سەربەخۆی کۆلێکتیو”دا تێدەپەڕێت. تەرکیز لەم ئاڕاستەیەدا سینەماکارانی سەربەخۆ دەبن کە لە دژی چەوساندنەوەی چینایەتی و چەوساندنەوەی رەگەزی و جێندەری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی خەباتیان کردووە و هەمیشە هەوڵیان داوە پێکهاتەکانی ستەم و هەژموونی دیار و ئاشکرا بکەن.
بە پشتبەستن بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و شوناسی ڕەگەزی و جێندەری و گەلانی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە پێوەندی لەگەڵ سەرهەڵدانی پێشکەوتنخوازانە و گشتگیرانەی “ژن ژیان ئازادی” لە کوردستان و ئێران، یەکێک لە ئامانجەکانی کۆلێکتیوهەوڵدان بۆ نزیک کردنەوەی مەعریفە و کردار و هاوکاری نێوان سینەماکارانە. “ڕێدکات” هەوڵ دەدات بەرخۆدان و خەباتی کۆمەڵایەتی لە دژی ستەمکاری و پەیوەندی سەرمایەداری کە لە سینەما و کۆمەڵگەی هونەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بەهێزتر بکات و هاودەنگیی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی “سینەمای سەربەخۆی کۆلێکتیو” بەدی بێنێت.